ڕۆژی سێ شەممە ١٨ ئاگۆستی ٢٠٢٠ هەیئەتێکی سەرکردایەتی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی بەرێز عوسمان جەعفەری سکرتێری گشتی، سەردانی بۆردی پەیوەندییە کوردستانیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کرد و لە لایەن بەڕێز سالار سەرحەد لێپرسراوی بۆرد پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا هەیئەتی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە ، خوازیاری ئەوە بوو کە حیزبە سیاسییەکانی هەردوو پارچەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویست دەکات زیاتر لە یەکتر نێزیک ببنەوە و ئاستی هاوکاریی نێوانیان فراوانتر ببێتەوە، تایبەت یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە هۆی هەبوونی سنوورێکی فراوانتر لە گەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرکی زیاتری لە سەر شانە و لەم دۆخەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بوارە جیاوازەکانەوە دەتوانیت هاوکار و پشتیوان بێت.
لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانیەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش، پەیوندیی نێوان هێزە سیاسیەکانی پارچەکانی کوردستانی بە پێویست ناوبرد کە دەبێ زیاتر لێک نێزیکبوونەوە درووست ببێ و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ئەوەی لە توانای دا بێت بۆ پارچەکانی کوردستان هاوکار و پاڵپشت دەبێت.
لەم دیدارەدا هەردوولا جەختیان کردەوە کە دەبێ پەیوەندیی نێوانیان زیاتر گرینگیی پێبدرێت و پەرە بە ئاستی پەیوەندیی نێوانیان بدەن.