ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی فێبریە بەرابەر بە ٦ی ڕەشەمە لە سەر بانگهێشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەیئەتێکی یەکێتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز عوسمانی جەعفەری سکرتێری گشتی سەردانی بنکەی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە شاری کۆیە کرا و لە لایەن هەیئەتێکی سەرکردایەتی بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
سەرەتا بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان بەخێرهاتنی هەیئەتی یەکێتیی دیموکراتی کوردستانی کرد و باسی لە هەلوومەرجی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردی کرد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێویست دەکات یەکگرتووانەتر و جیدیتر بێینە گۆڕەپانەکە و پەیوەندی نێوان حیزبەکان بە گشتی دەبێ توندوتۆڵتر بێت و هەندێک بەرژەەندی حیزبی بەلاوە بنرێت کە ڕێگر دەبێت لە بەردەم هاوهەڵوێستیی حیزبەکاندا.
بەڕێز عوسمانی جەعفەریش وێڕای سوپاس بۆ بانگهێشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان و پێشوازیی گەرمیان، باسی لە دۆخی بزووتنەوەی کورد لە ناوچەکە کرد و پێداگری و تەئکیدی لە سەر ئەوە کرد کە دەبێ حیزبە ساسیەکانی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەکی فراوانترەوە بێنە گۆڕەپانەکە و هەوڵی خۆیان بۆ یەکڕیزی نێو ماڵی کورد بدەن و نەهێڵن هێز و وزەی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرش و بڵاوەی پێ بکرێت و دەبێ هەوڵی ئەوە بدرێت کە هیچ لایەن و ڕەوتێکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەریک و ئیزۆلە نەبێت و هەنگاوی عەمەلی بۆ نێزیک کردنەوەی هێزە سیاسیەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگیردرێتە بەر.
تەوەرێکی تر باسەکە تایبەت بە بارودۆخی ناوچەکە و ئێران بەتایبەتی و ڕەوشی هەنووکەی کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆن کرا کە بەشداربووانی دیدارەکە دید و بۆچوونی خۆیان خستە ڕوو.
دیداری نێوان هەردوولا نێزیک بە سێ ساعەت درێژەی هەبوو و هەردوو لا پێداگر بوون لە پتەو کردنی پەیوەندییەکانیان.