پێم وانیه هه‌ر كه‌سێك له جوگرافیا و پێكهاته‌ی ئه‌تنیكی و زاراوه‌یی باشووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به تایبه‌ت كرماشان شاره‌زا بێ، ناوی كوردستانی بچووكی لا شتێكی نامۆ و ناپه‌سند بێ بۆ ئه‌م ناوچه‌یه. به‌ڵكو دان به‌وه‌ش دا ده‌نێ كه ئه‌م ناوه به‌ڕاستی پڕ به پێستێتی و شایانی خۆیه‌تی. باشووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێكهاته‌یه‌كی مووزاییكی هه‌یه و له باری زمانییه‌وه له چه‌ند زاراوه و بن زاراوه پێكهاتووه كه ماوه‌ی نێوانیشیان هه‌ندێك جار له 40 و 50 كیلۆمه‌تر تێناپه‌ڕێ. له باری كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه له چه‌ندین و چه‌ند عه‌شیره و تایفه‌ی ناسراو و ره‌سه‌نی كورد پێكهاتووه كه به درێژایی مێژوو ئه‌م ناوچه‌یان له به‌ر هێرشی داگیركه‌ران و دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد پاراستووه. ئه‌گه‌رچی له ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی رژێمه‌كانی حاكیمی یه‌ك له دوای یه‌كی ئێران ئه‌م ناوچه‌یه دۆخێكی ئابووری باشی نه‌بووه، به‌ڵام زۆر سه‌رچاوه‌ی ژێرزه‌مینی و كان و ناوچه‌ی پڕپیت و بكر و به بایه‌خی تیایه كه به داخه‌وه داهاته‌كانی ده‌چێته‌وه نێو گیرفانی داگیركه‌ران و خه‌ڵكی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان هه‌ر وا بێبه‌ش ماونه‌ته‌وه. ده‌شت و ده‌ربه‌ند و ناوچه‌ی پان و به‌رین و خۆش كه‌شی زۆریشی تێدایه و بۆ كشت و كاڵ زه‌مینه‌یه‌كی زۆر له بار و گونجاوی هه‌یه.
كه‌چی رژێمه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئێران هه‌موو كاتێك له كوردستانی بوونی ئه‌م ناوچانه و له زه‌مینه‌ی سروشتی ئه‌وان ترساون و به‌م هۆیه‌ش كه‌مترین ئاستی ده‌رامه‌دی سه‌رچاوه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی نه‌وت و ئاو و گاز و …. هتدیان گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ ناوچه‌كه. بۆیه‌ش ده‌بینین له باری پیشه‌سازییه‌وه ره‌نگ و روومه‌تێكی وای نیه و ئاستی بێكاری له زۆر جێگادا له سه‌دا په‌نجا به‌رز بۆته‌وه.
له باری ئه‌تنیكی و مه‌زهه‌بیشه‌وه زۆر ئایین و مه‌زهه‌ب و ئه‌تنیكی جیاوازی تیایه كه هه‌موویان به برایه‌تی و ئاشتی له په‌نای یه‌كدا ده‌ژین. ئه‌هلی حه‌ق و زه‌رده‌شتی و موسڵمانی سوننی و شیعه و ته‌نانه‌ت كه‌مینه‌ی جوو و عیساییشی تێدایه و له ناوچه جیاجیاكانی ئه‌م پارێزگانه به مێژینه‌یه‌كی كۆنه‌وه ژیاون و ده‌ژین و به كوردی ره‌سه‌نیش ناوزه‌د ده‌كرێن.
له باری سیاسیشه‌وه هه‌ر وه‌ك بواره‌كانی دیكه به هۆی كورد بوونیان زوڵمی زۆریان لێ چووه. ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌و فره‌یی ئایینه‌ی ئه‌م ناوچانه زۆر له سه‌ر ئه‌وه كاریگه‌ر بووه كه مرۆڤی خوێنده‌وار بۆ پۆسته سیاسییه هه‌ستیاره‌كان به كار نه‌هێنن و خوێندن و خوێنده‌واری له لایان كه‌م بایه‌خ و به‌ها ببێ، تا هه‌ر وا ناخوێنده‌وار بمێننه‌وه و نه‌توانن ده‌نگ بۆ مافه‌كانی خۆیان هه‌ڵبێنن.
به هه‌موو ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه ناوچه‌ی باشووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گرینگی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی هه‌یه و ئه‌ویش ئه‌و ستاتۆی ژیۆپۆلیتیكه‌یه كه كرماشانی كردۆته پردێك له نێوان شیعه‌كانی عێراق و شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداری ئێران. له هه‌ل و مه‌رجی ئێستاش دا كه ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و هێزه‌كانی فره‌نه‌ته‌وه وڵاتی عێراقیان ته‌نیوه‌ته‌وه، ئه‌م پرده‌ش (واتا كرماشان و ئیلام) گرینگییه‌گی پتریان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێ ده‌درێ و سه‌رنجی كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی ئێران راده‌كێشن.
ئه‌مه‌ش هه‌ر ده‌ره‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته ئاژاوه‌گێڕانه‌ی رژێمه تا به ناكۆكی خستن له نێوان شیعه‌كان و سوننه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه، به خۆیانه‌وه سه‌رقاڵیان بكا تا رێگه له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی شیعه‌ی ئێران و شیعه‌كانی عێراق نه‌گرن. ئه‌م سیاسه‌تانه هه‌ر به‌م مه‌به‌سته پیسه‌ی رژێم كۆتایی نه‌هاتووه و بگره هه‌ر له‌مێژه‌وه‌ش بیریان له دابڕانی ئه‌و ناوچه‌یه له كوردستانی گه‌وره كردۆته‌وه. سڕینه‌وه‌ی كه‌لتوور و مێژووی ناوچه‌كه له كه‌لتووری ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردی و گرێدانی به كه‌لتووری لاوه‌كی فارسی یه‌كێ له‌و سیاسه‌ته سیسته‌ماتیكانه‌ی كۆماری ئیسلامی بووه و ئه‌وێستاش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه.
پڕوپاگه‌نده‌ی به‌رفراوانی راگه‌یاندنی له ناوچه‌كه بۆ سه‌پاندنی بیری ئێرانی یه‌كپارچه (نه‌ك ئێرانی داگیركه‌ر) كارێكی به سه‌روبه‌ر و سیسته‌ماتیك بووه كه كۆماری ئیسلامی هه‌موو كاتێك په‌یڕه‌وی كردووه. جیا كردنه‌وه‌ی باشووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له پارێزگای سنه و ناوزه‌د كردنی به پارێزگای كوردستان پیلانێكی دیكه‌ی رژێمه‌كانی پێشووی كۆماری ئیسلامی بووه كه ئێستاش هه‌ر په‌یڕه‌و ده‌كرێ و پڕ به دڵی كۆماری ئیسلامیشه. گوایه ناوچه‌یه‌كی وه‌ك سنه ته‌نیا كوردی نیشته‌جێی ئێرانن و ناوچه‌كانی دیكه یا تورك نیشینن یا هه‌ر له پێشه‌وه ئێرانی بوون و ئێستاش ئێرانین!!.
هه‌موو ئه‌م به‌ڵگانه و به ده‌یان به‌ڵگه و هۆكاری دیكه هه‌ن كه ده‌بێ چاوانی ئێمه زیاتر سه‌رنجیان بداتێ. تا ئه‌و بارودۆخه‌ی كه ئێستا كه‌ركوك و خانه‌قی له باشووری كوردستان تێیدان و له پێناوی سیاسه‌ته‌كانی رژێمی به‌عس بۆ ته‌عریبی ناوچه‌كه، ئێستا كێشه‌یه‌كی هه‌ره گه‌وره‌ی بۆ كورد لێكه‌وتۆته‌وه، باشووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ناوچه‌كانی كرماشان و ئیلام نه‌گرێته‌وه و رژێمی كۆماری ئیسلامی نه‌توانێ له پێناوی سیاسه‌ته پیسه‌كانی خۆی بۆ به فارس كردن و پاكتاوی نه‌ژادی له‌و ناوچانه سه‌ركه‌وێ.