ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
کوردستانی سوور (Красный Курдистан) " نیشتمانێکی ونبوو لە شەڕی قەرەباخ (ئارتساخ)"
وەرگێڕ: ڕێبین ئەحمەدی
6 / 10 / 2020
ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوور، دیاریی لێنین بۆ کوردەکان، سەرئەنجام بە جینۆسایدی کلتوری کوردەکان لە لایەن ئێستالینەوە  لە یەکێتی سۆڤیەتدا کۆتایی پێهات.

لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ۱۹۱۷ لە ڕووسیا، ناوچەی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی سوور لە ۷ــیی ژوئیەی ۱۹۲۳ پێکهێنرا.
هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردەکان بریتی بوو لە دوو دەڤەری جەوانشیر بە ناوەندێتی شاری کێل باژار(کێلبجار) و زەنگەزۆر بە ناوەندێتی شاری لاچین. ڕووبەری مەڵبەندەکانی کوردستانی سوور کە بریتی بوون لە شارەکانی لاچین ( ناوەندی ناوچەی ئۆتۆنۆمیک )، کێلباژار، زەنکیلان، شوشا و قوبادلوو، ۷۲۰۰ کیلۆمەتری دووجا و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ۲۰۰۰۰۰ ( دووسەد هەزار ) کەس و لەم ڕێژەیەدا لەسەتا هەشتا (٨٠٪) ـــیی کورد و ئەوەشی کە مابووەوە ئازەری و ئەرمەنی بوون.

ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوور کە " گووجی قاجیێف " ڕێبەرایەتیەکەی لە ئەستۆدا بوو، بۆ یارمەتیدان بە گەشە و پەرەسەندنی زمان و کلتووری کوردی لە ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەدا، هەڵسا بە دامەزراندنی ناوەندگەلی کلتووری و خوێندنگەکانی زمانی کوردی، بەڵام لە هەوڵەکان و هەنگاوەکانی تری ئەم ڕێڤەبەرایەتیە لە بوارەکانی دیکەدا زانیاریکی ئەوتۆ لە بەر دەستدا نیە. 

کوردەکانی یەکێتی سۆڤیەت پەیڕەوی ئاینی ئیسلام و ئێزیدین و ئەمەش وەک جیاوازییەکی ئاینی و مەزهەبی بووەتە هۆی لێکدابڕان و پەرتەوازەییان و هەلی ڕەخساندووە بۆ خراپ بەکارهێنانی هێز و توانای کورد لە لایەن ئازەری و ئەرمەنیەکانەوە بەتایبەت لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت.

بەهەمان شێوە و بەدوای بەڵێنی هێزە داگیرکەرەکان بۆ پێکهێنانی وڵاتی کوردستان لە پەیمانی سیڤەر لە ۱۹۲۰ کە وڵاتی تازە بنیاتنراوی تورکیا پێی ڕازی نەبوو و لەدژی هەستا و ئامادەکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی لە ژێر ناوی پەیمانی لۆزان لە ۱۹۲۳دا دەکرد، بوونی کوردستانی سووریش بە هۆی دژایەتی و پێداگریەکانی باقێرئۆف سەرۆککۆماری ئازەربایجان، لەئاکامدا بە بڕیاری ئێستالین لە ٨ـی ئاوریلی ۱۹۲۹ کۆتایی پێهات و نیشتمانی کوردستانی سوور لکێندرایەوە بە ناوچەی قەرەباخ.

 لەدوای هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆنۆمیی شەش ساڵەی کوردستانی سوور، هەوڵێکی بەرفراوان درا بۆ لە ناوبردن، تواندنەوە و سڕینەوەی هەموو یان بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی و کلتووریی کورد، ئەمەش سەلمێنەری ڕاستەقینەی ژینۆساید و تاوانی دژە مرۆییە کە ئەنجام درا.

دەرکردن و کۆچی زۆرەملێی کوردەکان بەرەو تورکەمەنستان، قرقیزستان، جۆرجیا و ناوچەکانی تری ڕووسیا و سۆڤیەت، بە زۆر جیاکردنەوەی منداڵانی کورد لە بنەماڵەکانیان و ناردنی زۆرەملێیان بۆ ناو گرووپە نەتەوەیی و ئیتنیکیەکانی دیکە، جیاکاری ڕەگەزی و دوور کردنەوەی ژنان و پیاوانی کورد لە یەکدی بە ئاراستەی پێشگرتن بە زاوزێیی زیاتری کوردەکان و هەروەها دانانی کوردەکان لە نێو دۆخێکی قورسی ژیاندا بە مەبەستی تواندنەوەی تەواوەتی شوناس و گۆڕینی کلتوورییان ، بەشێک لە ئەو ژینۆسایدە بوو.

 ژینۆسایدی کوردەکان لە یەکێتی سۆڤیەتی ئێستالینی لە چەندین دەورەی زەمەنیی بە دوای یەکدا ڕوویدا. بە ڕوونی لە دوای توانەوەی ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوور، لە ساڵەکانی ۱۹۲۹و ۱۹۳۰، بەشێک لە کوردەکان بە شێوەی جۆراوجۆر و بە تۆمەتی دژایەتی گەل و هەبوونی تایبەتمەندیی وردە بورژوازی لە ناویاندا ( لەوانەیە بە هۆی مڵکداری و باخداری و لەوەڕگەوە بووبێت ) بۆ ناوچە دوور دەستەکانی ڕووسیا دوور خرانەوە.

لە قۆناغەکانی دواتر و لە ساڵەکانی ۱۹٤٤ و ۱۹٦۰ کۆچی زۆرەملێی کوردیان دەستپێکردەوە و پاشماوەکانی ناوەندەکانی زمانزانی و کلتووری کورد لە باکوویش داخران و لە کۆتاییدا بە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و تووندبوونەوەی کێشەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر خاکی ناوچەی ناگۆرنۆ و قەرەباخ لەساڵی ۱۹٨٨ و بەتایبەت شەڕە خوێناویەکان لە نیشتمانی کوردەکان (کوردستانی سوور )، دەیان هەزار کورد بە ناچاری زێدی خۆیانیان چۆڵ کرد و بەرەو شوێنەکانی دیکەی ئازەربایجان و ئەرمینیا و جۆرجیا و ڕووسیا ڕۆشتن.

بەم شێوەیە چارەنووسی کوردستانی سوور و ئۆتۆنۆمیی لێنین بۆ کوردەکان، بە لە ناوبردن و تواندنەوە و سڕینەوەی بوونی کورد، لە کاولستانە بەجێماوەکانی سۆڤیەتدا کۆتایی پێهات، دواجار چارەنووسێک کە یەکێتی سۆڤیەتیش خۆی تووشی هات و لەناو چوو .

🔴ئەم بابەتە بە فارسی لە ئینترنێتەوە وەرگیراوە و وەرگێڕدراوەتەوە



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
چارەنووسی گەمارۆکانی سەر ئێران
دەزگیرانبازی لە گەڵ شەهیدان
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی