ده‌سپێک l مقالات l هه‌واڵ l به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یاندن l سکرتێری گشتی l چاوپێکه‌وتن و وتووێژ l چاند و هونه‌ر l به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و l برنامه‌ و اساسنامه
ووتاری کوردی
چارەنووسی گەمارۆکانی سەر ئێران
ئارام زاهێری
24 / 9 / 2020

لەدوای ڕێککەوتنامەی نێوان وڵاتانی پێنج کۆ یەک و کۆماری ئیسلامی لەسەر پڕۆگرامی ناوەکی ئەو ڕژێمە، زۆرێک پێیان وابوو گرژی و ئاڵۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرەو کۆتایی دەچێت و پەیوەندی دیپلۆماسی نێوانیان لە قۆناغێکی نوێی درووست بوو لە دوای ڕێکەوتنەکە ئاسایی دەبێتەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانی و وڵاتانی ناوچەیی لە نەبوونی هیچ بەربەستێک وەک گەمارۆ، دەتوانێت دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران بگۆڕێت و ئابووری وڵات ببووژێنێتەوە.

هەر ئەمەش وایکرد خەڵکی ئێران بە هیوایەک و بەدەنگێکی زۆر، حەسەنی ڕووحانی بۆ جاری دووەم وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێرن، جیا لەهەموو تێڕوانینێکی نێگەتیڤ لەهەمبەر پڕۆسەی هەڵبژاردن لەسەر دەستی حوکمڕانانی کۆماری ئیسلامی و قبووڵکردنی ئەوەی کە ئەم پڕۆسێسە یەکێکە لە نادیمۆکراتیکترین شێوەکانی دەنگدان، بەڵام تاکە هەڵبژاردە بۆ خەڵکی ئێران لەنێوان خراپ و خراپترین لەناچاریدا ئەوا خراپەکەیە.

زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی و ڕۆژنامەڤانان لەکاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان بۆ ڕێکەوتن لەسەر پڕۆگرامی ناوەکی کۆماری ئیسلامی ئەم پرسیارەیان ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەکرد کە ئایا لە ئەگەری هەر ڕێککەوتنێک، گەرەنتیەکان بۆ جێبەجێ کردنی کرداری خاڵەکان چی دەبێت؟

ئەمە نەتەنیا پرسیاری میدیاکانی جیهان بەڵکوو پرسیاری خەڵکی ئێرانیش بوو و لە وڵام دا، موحەممەد جەوادی زەریف زۆر لەسەر خۆ ڕایگەیاند، هەر واژۆیەکی لایەنانی ئەم ڕێککەوتنە و بەتایبەتی واژۆی جۆن کەری لەسەر ئەم ڕێکەوتنە گەرەنتی ئەوەمان پێدەدات کە بەشێوەیەکی کرداری تەواوی خاڵەکانی نێو ئەم ڕێککەوتننامەیە جێبەجێ بکەین و تەنانەت لە چوارچێوەی بڕیارنامەیەکی یاسایی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش جێگیری دەکەین.

بەڵام ئاکامێکی نەخوازراو دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دوای ڕێککەوتنەکە بەرۆکی ڕەوتی ڕیفۆرم خواز و نیمچە ڕیفۆرم خوازی دەسەڵاتدار لە کۆماری ئیسلامی گرتەوە و هەروەک چۆن تڕامپ لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان باسی لەناو بردن و لەت لەت کردنی ڕێککەوتننامە نەفرەتییەکەی سەرۆککۆماری پێشووی دەکرد ئەوا بانگەشەکەی خۆی هێنایە ئەرزی واقیع و لەو ڕێککەوتننامەیە کشایەوە و تەنانەت حسێبی لایەنەکانی دیکەی بەشداربووی ئەو ڕێککەوتننامەیەی نەکرد و داوای هاوهەڵویستیانی لەگەڵ دەوڵەتی نوێ ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بوو لەلایەن وڵاتانی ئەورووپی بەشدار بوو لە ڕێککەوتننامەکە.

ترامپ لەدوای کشانەوەی لە ڕێککەوتننامەکە لەیەکەم هەنگاودا و لەکاتی هەڕەشە و گوڕەشەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەسەر گەڕانەوەیان بۆ خاڵی سفر لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەر لایەنێک و سووتاندی ڕێککەوتننامەکە، دیسان گەمارۆ تاکلایەنەکانی دەوڵەتەکەی بەسەر ئێراندا سەپاند و کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتە و تەنانەت سەردێڕی زۆرێک لە میدیا جیهانیەکان مەترسی هەڵگیرسانی شەرێکی عەیار ۲٤ یان دەهێنایە کایەی مێشکەوە.

لەم نێوەندەدا ئەوەندە ڕووداوی جێی سەرنج و باس و لێکۆڵینەوە ڕوویداوە کە ناکرێت هەمووی لە وتارێکدا بگونجێنی، بۆ نموونە دوای دەستنیشان کردنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و دواتریش کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەو ڕێکخراوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، بەلای زۆر کەسەوە دەستپێکی شەڕێکی سەربازی و لێکترازانی ئاسایش و سەقامگیری، تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو بەڵام ئەوەی کە ڕوونە بەتایبەتی لەدوای شەڕی کەنداوەوە کۆماری ئیسلامی لەشەڕێکی داخورێرەرانەدایە لەگەڵ بلۆکی ڕۆژئاوا و چەندە ئاستی پێداگری لەسەر هەناردەکردنی پەیامی شۆڕشی ئیسلامی بەرز بووەتەوە هەر ئەوەندە و بگرە زیاتریش ڕێگەی بۆ تاڵان و دزی ناوخۆیی و بلۆکی ڕۆژهەڵات کردووەتەوە. خەڵکی ئێران و بەتایبەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی ئێرانیش دەبێت باجی سیستەمێکی ئایدۆلۆژیکی هاوچەشن و هاوڕێبازی وەک قاعیدە و تاڵیبان و زۆرێک لە سیستمە تۆتالیترەکانی دیکە کە چارەنووسیان دەمێکە سپێردراوە بە مێژوو، بدەنەوە و لەژێر ستەمی ڕژێمێک بژین کە بەردی بناغە بە خوێنی دەیان گەنجی ئازادیخواز پتەو کردووە و مانەوەی خۆی لە تیرۆر و ئەشکەنجە و تۆقاندن بینیوە.

لە ئێستادا کە ڕژێمی ئێران لە نێو قەیرانی ئابووری نوقم بووە و تەنانەت ناشتوانێ چۆڕێک نەوت هەناردەی دەرەوە بکات و لەوپەڕی کڵۆڵی بڕیاردان دایە ئەمەی بۆ دەرەوە ڕوون کردووەتەوە کە نەتەنیا کۆماری ئیسلامی بەڵکوو هەر ڕژێمێکی تری هاوشێوەی دەتوانرێت لەڕێگە بەپەراوێز خستنەوەی ئیفلیج بکرێت ئەگەر هات و لەگەڵ شەپۆلی گلۆبالیزم خۆی ڕێک نەخا ئەوا جارێکی تر بە ڕێزەوە لە دەرگای ماڵی نادەن.

خاڵێکی زۆر گرنگ و پەیامێکی زۆر ڕوون لەم ڕووداوانەدا ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی نەیتوانی ئەو مەترسیانەی کە وەک کارتێک بەکاری ئەهێنا لە گفتوگۆکانی ژنێڤ بۆ سەر ئاسایشی جیهان بەتایبەتی بۆ ئەورووپا و ناوچەکە درووستی بکات و تەنانەت نەشیتوانی گەرووی هۆرمۆز دابخات. لەوتارێکی میدیاییدا حەسەنی ڕووحانی ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێمە نەوت نەفرۆشین ئەوا هیچ وڵاتێکی ناوچەکەش نەوت نافرۆشیت و گەرووی هۆرمۆز دادەخەین بەڵام لە ئێستادا ئەو کارتەش کە مابوو لە کیسیان چوو و گلەیی و گازندەکانی وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە ترامپ ڕوو لە کەم بوونە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە و تەنێ وەک بینەرێک لە گۆڕەپانی ململانێکاندا دەردەکەون.

له ئەنجامی ئەم کردەوانە کە دەتوانین بڵێین تاقیکارییەکی جدیی بوو بۆ دژەکردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆمان دەردەکەوێت بە ئەگەرێکی زۆرە ئەم ئابلۆقانەی ئێستای سەر کۆماری ئیسلامی و ئێران کە تێزابی سەر جەستەی ئابوورییە لە نەبوونی ترامپ و هەڵنەبژاردنیشی هەر بەردەوام دەبێت و سەرۆککۆماری داهاتووش ناتوانێ و گونجاو نییە کە دۆخەکە بگەڕێنێتەوە پێش کابینەی ترامپ چوونکە هەر دەسپێشخەرییەکی جدی بۆ دانووستان لە لایەن هەر وڵاتێکەوە لەسەر سەنگی لاوازییەوە دەبێت و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێی قبووڵ ناکرێ ئەگەرچی دەسەڵاتدارنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ماچکردنی دەستی زلهێزانی وەک ڕووسیا و چین کێشەیان نیە بەڵام ڕەنگە لە کۆتاییدا بۆ ترامپ یان هەر دەوڵەتێکی تری داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەری نەگریسیان دابنوێنن و بۆ مانەوەی خۆیشیان بێت وڵات و سەرمایەی ژێر زەوی بان زەوییان پێ هەرزان فرۆش بکەن. بۆیە چارەنووسی گەمارۆکان زۆر ڕوونە و بە پڕۆسەیەکی تاقیکاری لەماوەی ئەم چەند ساڵە تێپەڕیوە و پشکی باجدانی خەڵکی چەوساوە و ڕەنج بە فیڕۆی ئێران دە قاتی پشکی کار بە دەستانی کۆماری ئیسلامیە.

هەر بۆیە پرس و چارەنووسی گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە بازنەیەکی فراوانتر بە دیدەکرێ و پانتایی زیاد نەکا، کەم نابنەوە و چی دێت ئەوا دۆخەکە ئاڵۆزتر و گرێ کەی کوێرتر ئەبێتەوە و پێم وایە هەتاکوو گەیشتن بەچارەسەری کۆتایی و یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکان لەبەرژەوەندی هژموونی و ئەمنی ئابووری و سیاسی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک گەمارۆ بەڵکوو شتانی مەترسیدارتریش چاوەڕێی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەکات.



بۆچوونه‌کان
بۆچوون بنووسه‌

ناو:  

ئیمه‌یل:  

تێکستی کۆمێنته‌که‌ت  
ژماره 62
بڵاوکراوه‌یه‌کی سیاسی گشتییه، ئۆرگانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان ده‌ریده‌کات‌
01 02 03 04 05 06 07 08 09 10 11 12
ووتاری کوردی
چارەنووسی گەمارۆکانی سەر ئێران
دەزگیرانبازی لە گەڵ شەهیدان
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ سایتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان 2009 ده‌سپێک l هه‌واڵ l بۆنه‌ و ڕێوڕه‌سم l کۆمیته‌کان l خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ l ئه‌رشیف l ڤیدیۆ l په‌یوه‌ندی